براوەی یەکەم هاکاسۆنی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانی کردن بە مرۆڤ لە کوردستان
لە لایەن دەزگای سیید و زانکۆی کوردستان – هەولێر ڕاگەیندراوە
٣٠ی تەممووزی ٢٠٢٤ – هەولێر – عێراق: دوێنێ، کە هاوکات بوو لەگەڵ ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانی کردن بە مرۆڤ، دەزگای سیید و ناوەندی ئاشتی و گەشەپێدان لە زانکۆی کوردستان – هەولێر، براوەی پێشبڕکێی یەکەم هاکاسۆنی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانی کردن بە مرۆڤیان لە هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند.
حەوت تیپ، لە ٣٠ خوێندکار و بۆ ماوەی دوو ڕۆژ لە بارەگای زانکۆی کوردستان، کەوتبوونە پێشبڕکێوە بۆ بوون بە براوەی هاکاسۆنەکە. تیپەکان لە خوێندکارانی زانکۆکانی دهۆک و هەولێر و گەرمیان و کۆیە و سلێمانی پێک هاتبوون، هەر یەکێک لە تیپەکان بیرۆکە و وەڵامی تایبەتی بۆ ئەم پرسیارە خستبووە ڕوو: چۆن بتوانین لە هەرێمی کوردستان بەرەنگاری بازرگانی کردن بە مرۆڤ ببینەوە؟
پێشەکییەک بۆ بازرگانی کردن بە مرۆڤ. دانیشتنی بەرایی بۆ هاکاسۆنی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانی کردن بە مرۆڤ لە کوردستان. ٢٩ی تەممووزی ٢٠٢٤. ©SEED Foundation
بەپێی دوایین خەمڵاندنەکان، نزیکەی ٥٠ ملیۆن کەس لە جیهانی ئەمڕۆماندا بە هۆی کۆیلەبوونی مۆدێرنەوە – کە بە کاری زۆرەملێ ناسراوە – گیریان خواردووە. لە عێراق و هەرێمی کوردستان، بازرگانی کردن بە مرۆڤ گرفتێکە کە تا دێت گەورەتر دەبێت. کوردستان بووەتە سەرچاوە و ڕاڕەو و کۆتا وێستگەی جموجۆڵە پەیوەندیدارەکان بە بازرگانی کردن بە مرۆڤ. هیچ کەس لە مەترسیی بازرگانی کردن بە مرۆڤ پارێزراو نییە -کرێکارانی بیانی و گەنجان و تاکەکانی گرووپە پەراوێزخراوەکان یان کەمینەکان، مەترسیی کاری زۆرەملێ و بەدمامەڵە و بەدقۆستنەوەی سێکسی و بازرگانی کردن بە ئەندامەکانی جەستە و سواڵکردنی زۆرەملێیان، لەسەرە.
گەنجەکان زۆرینەی دانیشتووان پێک دەهێنن. لەم بارەیەوە، ئەم هاکاسۆنە دەرفەتی بەهێزکردنی توانا و تێڕوانینەکانی لە بەردەم سەرکردەکانی نەوەی داهاتوو ڕەخساند تا، چارەسەری کاریگەر و گونجاو لەگەڵ کەلتوور بۆ پرسی بازرگانی کردن بە مرۆڤ، بدۆزنەوە و خۆیان چارەسەرەکان بچەسپێنن.
د. نیڤین والی، بەڕێوەبەری کاربەجێگەیاندن لە دەزگای سیید ڕایگەیاند: “لە ماوەی ٥ ساڵی ڕابردوودا، سیید خزمەتی زیاتر لە ٥٠٠ کەسی کردووە کە پێویستییان بە پاراستن هەبووە لە بازرگانی کردن. ئەگەر دەزگا تایبەتمەندەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ڕێکخراوە ناحکومییەکانی وەک سیید نەبوونایە، هیچ شوێنێک نەدەبوو کە ڕزگاربووان ڕوویان تێ بکەن. بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە کێشەکە چارەسەر بووە. بە بەهێزکردنی گەنجان بۆ پەرەپێدانی چارەسەری داهێنەرانە، هیوادارین چارەسەری بەردەوام بدۆزینەوە؛ ئێمە لەم ڕووەوە گەشبینین. هیوادارین کۆمەڵگەیەکی ئازادتر و دادپەروەرانەتر بۆ هەمووان بەدی بێت.”
بە درێژایی چالاکییەکە، ڕاهێنەرانی سیید و زانکۆی کوردستان یارمەتی تیپەکانیان دەدا تا بیرۆکە سەرەتاییەکانیان فراوانتر و دەوڵەمەندتر بکەن، بۆ نموونە زانیاریی تەواویان لەسەر پرسی بازرگانی کردن بە مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان بۆ بەشداربووان دەخستە ڕوو، دانیشتنی تایبەتیان لەسەر گەڵاڵەکردنی بیرۆکە و تەرخانکردنی بودجە و بڵاوکردنەوەی پەیام و هەروەها بەهێزکردنی شارەزاییەکانی سیمینار پێشکەشکردن ئەنجام دا.
پرۆفیسۆر کیس شارپ، سەرۆکی زانکۆی کوردستان – هەولێر، ڕایگەیاند:”کاتی ئەوە هاتووە قۆناخەکە بدرێتە نەوەی نوێ، هەوڵەکانی خۆمان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تاوانی بازرگانی کردن بە مرۆڤ خستە گەڕ، ئێستا لە سەردەمی تەکنەلۆژیادا دەژین، ڕادەستی نەوەی نوێ دەکەین، هیوادارین لە ئێمە چاکتر ڕووبەڕووی ئەم تاوانە ببنەوە.”
تیپی براوە لە لایەن لیژنەیەکی پێکهاتوو لە کەسانی پسپۆڕ دەستنیشان کرا کە پێک هاتبوون لە: پرۆفیسۆر کیس شارپ، سەرۆکی زانکۆی کوردستان – هەولێر، د. نیڤین والی، بەڕێوەبەری کاربەجێگەیاندن لە دەزگای سیید، بەڕێز نەژاد حوسێن، بەڕێوەبەری پرۆگرامی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانی کردن بە مرۆڤ لە دەزگای سیید، بەڕێز ئەحمەد جاف، بەڕێوەبەری پێشکەوتوو لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی.
تیپی براوەی هاکاسۆنی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانی کردن بە مرۆڤ لە کوردستان. ٣٠ی تەممووزی ٢٠٢٤. ©SEED Foundation
پێنج کچی گەنج و بەتوانا لە بەشی دەروونناسی کلینیکی لە زانکۆی کۆیە، هاکاسۆنەکەیان بردەوە. ئەوان پێشنیازیان کرد کە ماڵپەڕێک بە ناوی “Safe Kurdistan” دروست بکرێت کە کەرەستەی پەروەردەیی لەسەر بازرگانی کردن بە مرۆڤ لەخۆ بگرێت، هاوکات، گوتیان کە پێویستە ماڵپەڕەکە ئامرازەکانی ڕێنماییکردن و هەروەها چارەسەرکردنی ڕزگاربووان و کەسانی ژێر مەترسی تێدا بەردەست بکرێت.
ئەمڕۆ تیپەکە خەڵاتەکەیان بردەوە، بەشێکی خەڵاتەکەش بریتیی دەبێت لە بەدیهێنانی بیرۆکەکەیان لە چەند مانگی داهاتوودا بە هاوبەشی لەگەڵ بەشی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانی کردن بە مرۆڤ لە سیید.
ئەم بۆنەیە بەبێ پاڵپشتی هاوبەشەکەمان، ناوەندی ئاشتی و گەشەپێدان لە زانکۆی کوردستان و ماندووبوونی هەموو کارمەند و خۆبەخش و خوێندکار و مامۆستایان، کە هاوکار بوون لە ڕێکخستنی ئەم چالاکییە، ئەنجام نەدەدرا.
-کۆتایی-
بۆ هەر پرسیارێکی میدیایی:
دەزگای سیید – media@seedkurdistan.org