
بەیاننامەی ڕێکخراوی سیید سەبارەت بە پەسەندکردنی هەمواری یاسای باری کەسیی عێراقی ژمارە (١٨٨)ی ساڵی ١٩٥٩
٢٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥
ڕێکخراوی سیید نیگەرانی خۆی سەبارەت بە پەسەندکردنی هەمواری یاسای باری کەسیی عێراقی ژمارە (١٨٨)ی ساڵی ١٩٥٩ لە ڕێکەوتی ٢١/ ١/ ٢٠٢١ دەردەبڕێت، کە ماوەیەکی زۆرە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق مشتومڕی لەسەرە. بە درێژایی دوو دەیەی ڕابردوو، بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان بەردەوام پێشنیازی گۆڕانکاریی یاسای باری کەسییان کردووە بە جۆرێک کە برەو بە سەرهەڵدانی جیاکاریی مەزهەبی لە نێوان عێراقییەکان بکات. سەرەتا لە ڕێگەی فەرمانێکی ئەنجومەنی حوکم لە ساڵی ٢٠٠٤ هەوڵدان بۆ گۆڕانکاریی لە یاسای باری کەسی دەستی پێ کرد، دواتر بە ڕەشنووسی (یاسای ئەلجەعفەری) لە ساڵی ٢٠١٦ و، لە کۆتاییدا، ئەم هەموارەی کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوو تێپەڕێندرا.
پێش پەسەندکردنی و بەهۆی ئەگەری ڕەخساندنی ئاسانکاری بۆ پێشێلکردنی توندی مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ، بەتایبەتی مافەکانی ژنان و منداڵان، هەمواری پێشنیازکراو نیگەرانییەکی بەرچاوی لە نێوان کۆمەڵێک لە لایەنی جۆراوجۆر لە پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی عێراقی و، هەروەها لەنێو پەرلەمانتاران، دادوەران، ئەکادیمیستەکان، میدیاکان، ڕێکخراوە ناحکومییەکان، داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ و چالاکواناندا لێکەوتەوە. شێوازی پەسەندکردنی ئەم هەموارە جێ سەرسوڕمانە، چونکە لەگەڵ دوو پڕۆژە یاسای دیکە خرانە ناو یەک پاکێج و بە یەک پرۆسەی دەنگدان هەرسێکیان تێپەڕێندران. پەسەندکردن و دەنگدان لەسەر ڕەشنووسە یاساییەکان لە پەرلەمان هەرگیز بەم شێوازە نەبووە، تێپەڕاندنی هەمواری یاسای باری کەسی بەم جۆرە ئاماژەیە بۆ ناکۆکیی قووڵی نوێنەرانی عێراق لەسەر ناوەڕۆکەکەی.
لە چەند مانگی ڕابردوودا، فشار و لۆبیکردنی بەردەوام بۆ ڕاگرتنی هەموارکردنەوەکە هەبووە. فشارەکان بوونەتە هۆی لابردنی چەند بڕگەیەکی مەترسیدار و جێکردنەوەی چەند پاراستنێکی یاسایی لە هەموارکردنەوەکە. بۆ نموونە، سەبارەت بە سەرپشککردن لە هەڵبژاردنی نێوان جێبەجێکردنی بڕگەکانی یاسای باری کەسیی یەکگرتوو و ئەو بنەما ئاینییانەی کە دواتر دەردەکرێن، ئێستا تەنیا مەزهەبی شیعە دەگرێتەوە، لە کاتێکدا لە هەموارەکەی پێشتر تەواوی عێراقییەکانی دەگرتەوە. هەروەها، لە هەموارکردنەوەکەی ئێستا تەمەنی ڕێپێدراو بۆ هاوسەرگیریی لەو تەمەنەی کە لە یاسای باری کەسیی یەکگرتوودا هاتووە کەمتر ناکرێتەوە و، هاوکات دایک لە مافی سەرپەرشتیکردنی منداڵی خوار تەمەنی ٧ ساڵ بێبەش ناکات. بە بەراورد بە ڕەشنووسی پێشتری هەموارەکە، ئەمانە دەستکەوتی بەرچاون. هەر چۆنێک بێت، سەبارەت بە لایەنەکانی دیکەی باری کەسییەتی، هەموارکردنەوەکە هیچ کۆتوبەندێکی لەسەر ڕێکخستنی بابەتەکانی دیکەی باری کەسی لە چوارچێوەی بنەما مەزهەبییەکان دانەناوە. ئەمە لەوانەیە ڕێگە بۆ بەیاساییکردنی چەند بابەتێکی ترسناک خۆش بکات، لەوانەش هاوسەرگیریی کاتی، فراوانکردنی بازنەی فرەژنی بۆ زیاتر لە چوار هاوسەرگیری لە ڕێگەی هاوسەرگیریی کاتیدا و، بەستنەوەی مافی ژن بۆ نەفەقە بۆ حەز و ئارەزووی مێردەکەی. سەرەڕای ئەوەش، بە یاساییکردنی هاوسەرگیری دەرەوەی دادگا، دەسەڵاتیی دادوەریی لاواز دەکات. هەروەها نەبوونی میکانیزمێکی ڕوونی لێپرسینەوە یان چاودێری بۆ ئەوانەی ڕێگە بەو جۆرە هاوسەرگیریانە دەدەن، نیگەرانییەکان سەبارەت بە پابەندبوون بە ڕێکارە یاساییەکان و پاراستنی ماف قووڵتر دەکاتەوە.
لە کۆتاییدا دەڵێین پەسەندکردنی ئەم هەموارکردنە هەنگاوێکی مەترسیدارە و نسکۆیەکی یاسایی لێ دەبێتەوە کە، لە دەوڵەتێکی مەدەنیەوە بۆ دەوڵەتێکی ئاینیی مەزهەبی دەمانگەڕێنێتەوە. ئەگەر بەوردی ئەو بنەما ئاینییانەی هێشتا دەرنەچوونە نەخرێنە بەر سەرنج و لێکۆڵینەوە و بەرزەفتکردن، ڕەنگە لە داهاتوودا لێکەوتەی مەترسیدارتریشی هەبێت. بە مەبەستی دەستەبەرکردنی پاراستنی تەواو و دادپەروەرانەی سەرجەم ژنان و منداڵانی عێراق هاوتەریب لەگەڵ ئەو مافانەی لە دەستووری عێراق و ئەو چوارچێوە نێودەوڵەتییە کارپێکراوانەدا هاتووە کە عێراق واژۆی لەسەر کردووە،سیید داوا لە دەستەی سەرۆکایەتی و دەسەڵاتی دادوەری عێراق دەکات هەموارکردنەوەکە هەڵبوەشێننەوە، بەوردی پێداچوونەوە بە دەستوورییبوونی بڕگەکانیدا بکات و پابەند بێتەوە بە پاراستنی بنەماکانی دەستوور لە دەرکردن و هەموارکردنەوەی گشت یاسایە ناوەخۆییەکان.
بۆ زانیاریی زیاتر، تکایە پەیوەندیمان پێوە بکە: media@seedkurdistan.org
1 بڕوانە: جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤی ساڵی ١٩٤٨، پەیماننامەی نێودەوڵەتی مافە مەدەنی و سیاسییەکانی ساڵی ١٩٦٦، پەیماننامەی نێودەوڵەتی مافە ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکانی ساڵی ١٩٧٦، ڕێککەوتننامەی نەهێشتنی هەموو جۆرەکانی جیاکاری دژی ژنان لە ساڵی ٩٧٩ و ڕێککەوتننامەی مافەکانی منداڵ لە ساڵی ١٩٨٩.