…منداڵانی لەدایک بوو لەدەرئەنجامی جەنگ

عێراق تەنیا نییە

ململانێکان کاریگەریەکی وێرانکەریان هەیە لەسەر هاوڵاتییان، لەوانە زیادکردنی کەوتنە ژێر مەترسی توندوتیژی سێکسی بۆ کچان و ئافرەتان. عێراقیش وەک وڵاتانی تری جیهان،  دەناڵێنێت بەدەست دەرئەنجامەکانی تەشەنەسەندنی ململانێ چەکدارییەکان و هەرەسی هێناوە لە دابینکردنی وڵامدانەوەیەکی شیاو بۆ پێداویستییەکانی ڕزگاربووان

دەستدرێژی سێکسی و جۆرەکانی تری توندوتیژی سێکسی لە زووەوە بەکارهاتووە وەک چەکێک لە جەنگدا. لە تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٠٠، یەکەم جار بوو ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان یاسای ژمارە (١٣٢٥) ی دەرکرد دژ بەم کارە، کە دانی نا بە ناڕێکی و کاریگەری بێوێنەی ململانێ چەکدارییەکان بەسەر ئافرەتان و منداڵاندا. پاشان نەتەوە یەکگرتووەکان توندوتیژی سێکسی وەک تاوانی جەنگ ناساند لەگەڵ تێپەڕاندنی یاسای ژمارە (١٨٢٠)، کە دەڵێت “دەستدرێژی سێکسی و جۆرەکانی تری توندوتیژی سێکسی تاوانی جەنگن، تاوانی دژ بە مرۆڤایەتین یاخود تاوانی پەیوەست بە پاکتاوی نەژادین”

هەزاران کچ و ئافرەت لە لایەن داعشەوە گیران و دووچاری دەستدرێژی سێکسی و هاوسەرگیری بەزۆر بوونەوە، و لە دەرئەنجامدا منداڵیان بوو، کە زۆربەیان کچان و ئافرەتانی کەمینە کۆمەڵایەتییەکان بوون. ئێمە لە دەزگای سیید لەگەڵ ڕزگاربوواندا کار دەکەین بۆ ئەوەی خزمەتگوزاری تەندروستی دەرونی و پاڵپشتنی دەرونی کۆمەڵایەتییان پێشکەش بکەین لە کاتێکدا ئەوان دووبارە تێکەڵی کۆمەڵگاکانیان دەبنەوە و هەوڵی چاکبوونەوە دەدەن لەو ڕووداوانەی ئەوان پێدا تێپەڕبوون. ئەو ئافرەتانە و منداڵەکانیان دووچاری زۆر ئاستنەگ دەبنەوە لەکاتی گەڕانەوەیان، لە کۆمەڵگای خۆیان و هەروەها لە سیستەمی یاسایی عێراقی

دەزگای سیید لەگەڵ سێ شارەزا دوا دەربارەی تێڕوانین و ئەزموونیان لە وڵاتانی تر کە چۆن لە پاش جەنگ ئەو بەربەستانەیان لابرد و گەیشتنە ئاستی لەخۆگرتن

زۆر جار منداڵان لە دەرئەنجامی دەستدرێژی سێکسی و پەیوەندی بێ ڕەزامەندی نێوان ئافرەت و ئەو کەسەی بەکۆیلەی گرتووە  لە دایک دەبن. دەکرێت ئەم منداڵانە و دایکانیان ببنە قوربانی گێچەڵکردنی کۆمەڵایەتی و پێوەنانی لەکەی شەرمەزاری، و زۆر جار ڕەتدەکرێنەوە لە کۆمەڵگاکانی خۆیان – بێبەشیان دەکەن لە لەخۆگرتن و پاڵپشتی سۆزی پێویست بۆ چاکبوونەوە. کێشەی وەک کێشەی ناسنامە، مافەکانی باوان و ناسنامەی ئاینی زیاتر کێشەکە قوڵدەکاتەوە، بە تایبەت لە کۆمەڵگایەک وەک کۆمەڵگای عێراق

سەلوا غەلیسە، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دەزگای (تفعيل الحق في الاختلاف) لە تونس جەختی کردەوە لە گرنگی هەبوونی ئەو یاسایانەی بانگەشە دەکەن بۆ لەخۆگرتنی ئەو ئافرەتانە و منداڵەکانیان بۆ ناو کۆمەڵگا. ئەو دەڵیت بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان یارمەتیدەر بوونە لەبەر ئەوەی دەستدرێژی سێکسی کاتی جەنگ وەک تاوان دەناسێنێت، کە ئەمەش دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە لابردنی کەمێک لەو پەڵەی شەرمەزارییە لەسەر ڕزگاربووان و بیخاتە سەر تاوانباران

بۆ ئەو ئافرەتانەی لەپاش دەستدرێژی سێکسی کاتی جەنگ منداڵیان بووە، پەڵەی شەرمەزاری لەسەر دایک و منداڵدەکەدا لەنێو کەلتوورە جیاوازەکاندا بوونیان هەبووە؛ سەرەڕای ئەوەی کە ئەم ئافرەتانە و منداڵەکانیان ڕزگاریان بووە لە کرداری توندوتیژی، کەلتوورەکانیان پەڵەی شەرمەزاری دەخەنە سەریان لەبەر هۆی ئاینی و کەلتووری وەک بەستنەوەی شەرەفی ئافرەت بە (پاک و بێگەردی) ئافرەتەکە، کە ئەمەش وا دەکات ئاستەنگی زیاتر بخاتە پێش لەخۆگرتنەوەیان. کەیڵب ئۆدیامبۆ، بەڕێوەبەری پێشینەی بەرنامە و پاراستن لە دەزگای سیید، کە لەگەڵ ڕێکخراوەکاندا کاری کردووە بە پانتایی ئەفریقیا و ئێستا لەگەڵ دەزگای سیید کار دەکات دەڵێت، زۆر نادادپەروەرانەیە بارگرانی ئەم پەڵە و لەخۆنەگرتنە بخەیتە سەر منداڵەکە کە تاوانی نییە ئاوا لەدایک بووە یانیش بیخەیتە سەر دایکەکە کە ڕزگاری بووە لە توندوتیژی سێكسی، ئەمە وا دەکات کاریگەرییەکانی جەنگ درێژە بکێشێت. وەک دەرئەنجامێکی لەخۆنەگرتن، زۆر جار منداڵە کارلێکەوتووەکان ناخۆشی زیاتر دەکێشن لە قەیرانی ناسنامە، و لەهەندێک حاڵەتدا جیا دەکرێنەوە لە دایکانیان

خاتوو غەلیسە تیشکی خستە سەر هەندێک سەرکەوتن لە تونس، ئەویش لابردنی پەڵەی شەرمەزاری لەدایک بوون بەهۆی دەستدرێژی سێکسییەوە سەرکەوتوو بوو لە ڕێگەی لابردنی وشەی (بیژی) لە یاساکان و گۆڕینی شێوازی ناولێنانی ئەو منداڵە کارلێکەوتووانە بەشێوەیەک کە یەکسەر پەلەی شەرمەزاری نەخرێتە سەریان بە هۆی ناوەکانیانەوە

ئەو ئاستەنگە کۆمەڵایەتی و دارایی و ئایینی و یاساییە زۆرانەی تۆمارکردن و بەخێوکردنی منداڵانی کارلێکەوتوو وا دەکات دایکان هیچ هەڵبژاردەیەکیان لە پێش نەمینێت و بێبەش بن لە مافە سەرتاییەکانی مرۆڤ. لە پێناو لەخۆگرتنەوەیان لە کۆمەڵگا، زۆربەی کاتەکان مەرج بوو منداڵەکانیان بەجێبهێڵن کە بەهۆی جەنگەوە لەدایک بوون، ئەمەش زۆر جار هەڵبژاردەیەکی مەحاڵ بوو

سەبیحە هوسیچ، بەڕێوەبەری رێکخراوی (میدیسا زینیتسا) لە بۆسنە و هەرسک جەختی کردەوە کەوا پێویستە لەبیرمان بێت شەرم و پەڵەی شەرمەزاری دەگەڕێتەوە بۆ تاوانباران نەک ڕزگاربووان، کەوا ڕزگاربووان پێویستییان بە پاڵپشتی هەیە نەک خۆ لێ دزینەوە کاتێ دەگەڕێنەوە ناو کۆمەڵگاکانی خۆیان. ئەو تیشکی خستە سەر گرنگی گوێگرتن لە ئافرەتان و جەختی کردوە کە پێویستە ڕێز لە ماف و هەڵبژاردەکانی ئەوان بگیرێت، و وتی (زۆر گرنگە ئافرەتان خۆیان بڕیار بدەن ئاخۆ دەیانەوێت ئەو منداڵانە بهێڵنەوە کە لە دەرئەنجامی دەستدرێژی سێکسی کاتی جەنگ لەدایک بوون. ئێمە درک بە گرنگی ئەوە دەکەین کە یەکەم شت ڕزگاربووان پێویستییان بە متمانەی و پاڵپشتی خێزان و کۆمەڵگاکانیان هەیە… هەروەها پێویستییان بە پاڵپشتی دەرونی و یاسایی و پزیشکی و دارایی هەیە.) ئەو دەڵێت کە لە بۆسنە، ڕێکخراوە ناحکوومییەکان هانی کۆمەڵگا ئایینییەکانی دا کە ڕزگاربووان و منداڵەکانیان لەخۆ بگرن، و بەبیری خەڵکیان دەهێنایەوە کە ئەم منداڵانە منداڵی ئاسایین و هیچ جیاوازییان نییە لەگەڵ منداڵەکانی تر

ئۆدیامبۆش پەرۆش بوو لەجەختکردنەوە لەسەر لەخۆگرتنی منداڵان و وتی (ئەگەر منداڵ وەک منداڵ تەماشا بکەین، ئەو کاتە دەست دەکەین بە بینینیان بەچاوی تواناوە، ئەم منداڵە چ ئەگەر و توانایەکی هەیە؟)

دەرئەنجامەکانی جەنگ و ململانێ و توندوتیژی سێکسی کاریگەری دەکەنە سەر ڕزگاربووان و کۆمەڵگاکانیان بۆ دەیەکانی داهاتوو؛ زۆر گرنگە وەک کۆمەڵگا خۆمان یەک بخەین و پاڵپشتی ڕزگاربووان بکەین لە چاکبوونەوە

بزانە وڵاتانی تر چۆن چاکبوونەتەوە لە دەرئەنجامەکانی جەنگ