نۆ ڕێگا بۆ پاڵپشتیکردن لە ڕزگاربووانی توندوتیژی

توندوتیژی بە چەند شێوازێک خۆی نمایش دەکات، ئێمە ڕۆژانە لە هەواڵەکان دەیبینین، یان لە هاوڕێ، خێزان یان هاوکارانمان دەیبیستین، بەڵام چی بکەین ئەگەر کەسێک وەک نهێنییەک لای ئێمەی باس کرد کە بۆمان نەبێت بیدرکێنین؟

لەوانەیە هەرسکردنی ڕاستی و زەبری ئەو توندوتیژییەی کەسێک ئەزموونی کردووە قورس بێت، هەرواسا مامەڵەکردن لەگەڵ کەڵکەڵەی دڵنیانەبوون لەوەی باشترین ڕێگە چییە بۆ یارمەتیدانی ڕزگاربووان. ئەگەر دەرفەتت بۆ ڕەخسا کە هاوکاری پێشکەش بکەیت، ئەوا گرنگە دڵنیا بیت کە شارەزایی تەواوت سەبارەت بە چۆنییەتی یارمەتیدان هەیە. 

ئان لیپیلەرس، پسپۆڕی پاڵپشتی دەرووندروستی و دەروونی-کۆمەڵایەتی، بە نۆ ڕێگای یارمەتیدانی ڕزگاربووانی توندوتیژی ئاشناتان دەکات.

١. برەو بە زانیاری و هۆشیاریت بدە

زیاتر و زیاتر دەربارەی جۆرە جیاوازەکانی توندوتیژی بزانە. ئایا زانیوتە کە گێچەڵ و بەدمامەڵەی ئۆنڵاین جۆرێکی توندوتیژییە کە لەوانەیە زیانێکی زۆر و زەبری دەروونی لێ بکەوێتەوە؟

دەتوانیت لە ڕێگەی پەی بردنێکی باشتر بەو لێکەوتە نەرێنییانەی کە ڕەنگە لە کردارەکانی کەسانی تر پەیدا ببن دەرگای گفتوگۆ بکەیتەوە. هەواڵەکان بخوێنەوە و قسە لەگەڵ دەوروبەرت بکە، خۆت ئەوەندە پڕ زانیاری بکە کە بتوانیت تێگەیشتنێکی فراوانتر سەبارەت بەو بارودۆخانە پەیدا بکەی کە تێکەڵیان دەبیت، هانی کەسانی تر بدەیت کە زانیاری دەست بخەن، یارمەتی ڕزگاربووان بدەی بۆ ئەوەی دەربارەی ڕەوشی خۆیان بدوێن و لە کاتی پێویست خۆت بتوانیت دەنگیان بگەیەنیت. 

٢.  دەریبخە کە جێی متمانەی

کەشێک ساز بکە کە تێیدا ڕزگاربوو بتوانێت بە ئاسوودەیی قسەت لەگەڵ بکات و درکی پێ بکات کە ئەوەی بە تۆی دەڵێت بە نهێنی دەمێنێتەوە. هەوڵدە ئەم هەستەیان لا دروست بکەی کە بتوانن پشتت پێ ببەستن. پێویستە متمانە دروست بکەیت تا پاڵپشتییان بکەیت. 

٣. بۆشاییەک بهێڵەوە

بە وردی گوێ بگرە و هەوڵ بدە ئەزموونی کەسیی و بیروڕای خۆت تێکەڵ بە گفتویەکەت لەگەڵ ڕزگاربووانی توندوتیژی نەکەیت و لە بارەی ڕەوشیان وەک دادوەر ڕەفتار نەکەیت. تێیان بگەیەنە کە ئەوەی بەسەریان هاتووە نەدەبوو ڕووبدات و تۆ لە لای ئەوانی تا گوێیان لێ بگریت، و ئەگەر ویستیان لەسەر بێت، ئەوا پاڵپشتی پێشکەش دەکەیت. 

٤. بڕوایان پێ بکە

بە داخەوە، ڕزگاربووانی توندوتیژی پرسیاری زۆریان لێ دەکرێت تا قسەکانیان دەسەلمێنن. لەسەر ئێمە نییە کە گومان بخەینە سەر وردەکاری و ڕاستی و دروستیی چۆنییەتی ڕوودانی کردەی توندوتیژییەکە. قسەکانیان پەسەند بکە و دڵنیاییان بکەوە کە تۆ، سەبارەت بەو شێوازە خوازیارەی هەستەکانیان دەردەبڕن و ئەزموونی خۆیان لەگەڵ تۆ هاوبەشی پێ دەکەن، متمانەیان پێ دەکەیت. بۆیان دەربخە کە قسەکانی ئەوان دەسەلمێنیت و لێیان تێ دەگەیت.

٥. بڵێ نەخێر بۆ سەرزەنشتکردنی قوربانی

لەوانەیە ڕزگاربووانی توندوتیژی سەبارەت بەو کارە دزێوەی بەرامبەریان ئەنجامدراوە سەرزەنشت بکرێن. ئەمەی بەسەریان هاتووە لە بڕیارێکی بەئاگایانەی تاوانکارەوە سەرچاوە دەگرێت. گرنگە بزانرێت و بەرجەستە بکرێت کە توندوتیژی هەرگیز هەڵەی قوربانییەکان نییە، ئەوان ڕزگاربوون و پێویستە بە شکۆوە باس بکرێن. 

٦. ڕێز لە بڕیارەکانی ڕزگاربوو بگرە

ڕێ بدە ڕزگاربوو بڕیار لە بارەی خۆیەوە بدات. لێیان بپرسە کە ئایا پێویستییان بە هاوکاری یان پاڵپشتی بۆ پەیوەندیکردن بە ڕێکخراوێک، شارەزایەکی پزیشکی، هێڵێکی گەرم یان پۆلیس، هەیە یان نا. ڕێز لەو ڕێگەچارە بگرە کە هەڵی دەبژێرن و دادوەری لە بارەی بژاردەکانیان مەکە. ئەگەر دڵنیا نەبوون کە چی بکەن، ئەوا دەتوانیت ڕێنوێنیان بکەیت کە پەیوەندی بە لایەنێکی پسپۆڕی وەک دەزگای سییدەوە بکەن. دڵنیا بە کە ڕزگاربووەکان بۆ دابینکەرێکی خزمەتگوزاریی متمانەپێکراو و سەلامەت ڕەوانە دەکەیت. 

٧. ڕووبەڕووی ئەو بیروباوەڕانە ببەرەوە کە دەوری ڕزگاربووی توندوتیژییان تەنیوە

گەر چی نابێت وا بێت، بەڵام ئێستا توندوتیژی وەک نەریتێکی کۆمەڵایەتی ڕەگداکوتراوی لێ هاتووە. پێویستە ئەو بیرکردنەوە و تێڕوانینانەی سەبارەت بە توندوتیژی هەن بگۆڕدرێن. بە شێوەیەکی بابەتییانە تاوانکار و ڕزگاربووی توندوتیژی لێک جیا بکەرەوە. بۆ نموونە، کاتێک ئێمە پاڵپشتیی ژنان دەکەین دەبێت ئەوەمان لە یاد بێت کە کوڕان و پیاوانیش لەوانەیە قوربانی توندوتیژی بن و پێویستیان بە یارمەتی ئێمە بێت. بە داخەوە، دەکرێت توندوتیژی تەنگ بە هەموو کەسێک هەڵچنێت. 

٨. سنوورەکانی خۆت بزانە

خاڵێک کە پێویستە ڕەچاوی بکەیت ئەوەیە کە لەوانەیە ئەو کەسەی تۆ پاڵپشتی دەکەیت پێویستی بە یارمەتیی لایەنێکی کارامە بێت. ئەگەر توانا و کارامەیی پێویستت نەبێت هاوکاری ڕزگاربووەکەی پێ بکەیت، ئەوا خۆت و ئەویش دەخەیە مەترسییەوە. وەک دۆستێک بە لەگەڵ ڕزگاربووەکە، ئەگەر پاڵپشتیی زیاتری پێویست بوو لەوەی کە تۆ دەتوانیت پێشکەشی بکەیت، ئەوا ڕەوانەی بکە بۆ کەسێکی شارەزا و کارامە. زانیاری دەربارەی هێڵی یارمەتی یان ڕێکخراوی ناوەخۆیی قازانجنەویست کۆ بکەرەوە، چونکە لەو شوێنانە کەسی پسپۆڕی ڕاهێنان پێ کراوی لێیە کە دەتوانن پاڵپشتیی ڕزگاربووەکان بکەن. هەروەها، تۆڕی پشتیوانیی ئۆنڵاین هەن کە بەخۆڕایی یارمەتی پێشکەش دەکەن.

٩. یارمەتی سەرخستنی کاری ڕێکخراوە ناوەخۆییە قازانجنەویستەکان بدە

چەندان ڕێکخراوی ناوەخۆیی قازانجنەویست هەن کە پاڵپشتیی ڕزگاربووانی توندوتیژی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان و جیهان دەکەن. پەیوەندییان پێوە بکە و یارمەتی سەرخستنی کارەکانیان بدە، جا چ لە ڕێی کارکردن بێت بۆیان یان پێدانی کۆمەکی دارایی. 

ئەگەر خۆت یان کەسێکی ناسیاوت لە کوردستان دووچاری توندوتیژی بوونەتەوە یان لە ژێر مەترسیدان، ئەوا دەتوانیت پەیوەندی بە تیمی ڕەوانەکردنی دەزگای سییدەوە بکەن بۆ داواکردنی پاڵپشتی:

ژمارەی پەیوەندی: ٦٣٩١ ٧٤١ ٠٧٥١

ئیمێڵ: referrals@seedkurdistan.org

تێبینی: ئەم خاڵانەی سەرەوە چەند ڕێنماییەکی گشتگیرن بۆ پرسی مەبەست. ئەگەر ئارەزووت لێیە بە وردەکاریی زیاتر سەبارەت بە پاڵپشتی ئاشنا بێت، ئەوا تکایە لە ڕێی ئەم بەستەرەوە پەیوەندیمان پێوە بکە:  https://www.seedkurdistan.org/contact/