بەیاننامەی شەرمەزارکردنی توندوتیژیی لەدژی ئافرەتان لە کوردستان

English

دەزگای سیید هەموو جۆرەکانی توندوتیژی لە دژی ئافرەتان شەرمەزار دەکات لە هەرێمی کوردستان و تەواوی جیهان. ئەمڕۆ دڵگرانی خۆمان دەردەبڕین بە لەدەستدان و برینداربوونی چوار ئافرەت لە مانگی رابردوو لە کوردستان.

هەرچەندە راپۆرتی میدیاکان بەرزبوونەوەی رووداوەکانی توندوتیژی سەر بنەمای جۆری کۆمەڵایەتی نیشان دەدەن، بەڵام راستییەکان زۆر لەوە ترسناکترن. بەردەوامی هەڕەشە لەسەر ژیانی رزگاربووان و ئەوانەی لە ژێر مەترسی توندوتیژی سەر بنەمای جۆری کۆمەڵایەتین نیشانی دەدەن توندوتیژی و جیاکاریی دژی کچان و ئافرەتان چەند بڵاوبۆتەوە و رەگی چەسپاندووە لە نێو کۆمەڵگادا.

عێڕاق زۆرترین رووداوەکانی توندوتیژی نێوان هاوسەری هەیە لە جیهاندا کە ٤٥٪ ی ئافرەتان هەواڵی ئەوەیان داوە دووچاری توندوتیژی نێوان هاوسەر بوون لە ١٢ مانگی رابردوو. توندوتیژی سەر بنەمای جۆری کۆمەڵایەتی بە هەموو جۆرەکانیەوە، پێشێلکارییەکی زەقی مافەکانی مرۆڤە – لەوانە مافی ژیان و ئازادی لە جیاکاریی، و هەروەها مافی سەلامەتی و ئاسایش – و پێویستە ئێستا کۆتایی پێبێت.

دەزگای سیید پاڵپشتی خۆی بۆ رزگاربووانی توندوتیژی سەر بنەمای جۆری کۆمەڵایەتی دووپاتدەکاتەوە و پابەندە بە یارمەتیدان بۆ لەناوبردنی توندوتیژی سەر بنەمای جۆری کۆمەڵایەتی لە تەواوی هەرێمی کوردستان. باوەڕمان وایە کە یەکسانی جێندەری گرنگە بۆ بەدەستهێنانی ئایندەیەکی گەش بۆ کوردستان، و یەکەم هەنگاوی گرنگ بریتییە لە پاراستنی کچان و ئافرەتان و رێگریکردنە لە توندوتیژی لە دژیان. یەکسانی جێندەری پێکهاتەیەکی گرنگە بۆ پێکەوە ژیانێکی خۆشگوزەران و تەندروست و سەلامەت بۆ هەمووان.

دەزگای سیید کار دەکات لە پێناو پاڵپشتی و بەهێزکردن و پاراستنی رزگاربووانی توندوتیژی سەر بنەمای جۆری کۆمەڵایەتی و ئەوانەی لە ژێر مەترسین لە هەرێمی کوردستان. رێبازێکی هەمەجۆر بەکار دێنین بۆ رێگریکردن و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی سەر بنەمای جۆری کۆمەڵایەتی، لەوانە گۆڕانکاری بە سیستەم لە رێگەی هەوڵەکانی داکۆکیکردن و دانانی پەیڕەو لەسەر ئاستی دامودەزگاکان، بنیاتنانی تواناکانی پاراستن بۆ کارمەندانی هێڵی پێشەوە، و پێشکەشکردنی چاودێریی گشتگیر و بەئاگا لە زەبری دەروونی بە رزگاربووانی توندوتیژی و ئەوانەی لە ژێر مەترسی توندوتیژین.

دەزگای سیید دەستخۆشی خۆی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەردەبڕێت بۆ هەوڵە بەردەوامەکانی لە پاڵپشتی رزگاربووان لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان و خێزان، بەردەوامین لە پێشکەشکردنی راهێنانی بنیاتنانی تواناکان لە بواری پاراستن لە رێگەی هاوبەشیی بەردەوام لە نێوانماندا.

پێویستە دەست لەناو دەست دابنەین و بەرەنگاری پیاوسالاری و نەریتی کۆمەڵایەتی زیانبەخش ببینەوە کە بەردەوام توندوتیژی لێدەکەوێتەوە. پێویستە پێکەوە داکۆکی بکەین بۆ دادگاییکردنی ئەنجامدەرانی توندوتیژی و پتەوکردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی ژمارەی (٨) ی ساڵی ٢٠١١، ئەمەش لەپێناو دڵنیابوونەوە لە بەکارهێنانی رێبازێکی بەناوەندکردنی رزگاربوو و گشتگیر بۆ کارکردن لەسەر هەموو جۆرەکانی توندوتیژی سەر بنەمای جۆری کۆمەڵایەتی کە لە دژی کچان و ئافرەتان ئەنجام دەدرێت لە کۆمەڵگادا. پێویستە پێکەوە رووبەڕووی هەڕەشەکانی توندوتیژی سەر بنەمای جۆری کۆمەڵایەتی بین کە لەڕێگەی ئامێرە تەکنەلۆژییەکان و بە ئۆنڵاین و لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ئەنجام دەدرێن.

ئەگەر تۆ یان کەسێکی نزیکت تووشی توندوتیژی بوون، دەتوانن یارمەتی نهێنی و بەخۆڕایی بەدەستبێنن لە لای رێکخراوێک وەک دەزگای سیید، یان دەتوانن پەیوەندی بە (١١٩) ی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان و خێزانەوە بکەن. دەزگای سیید لێرەیە و ئامادەیە بۆ پاڵپشتیکردنت. دەتوانن ئیمەیل بۆ دەزگای سیید بنێرن بۆ referrals@seedkurdistan.org یان پەیوەندی بکەن بە: (هەولێر و سلێمانی: ٠٧٥١٧٤١٦٣٩١ – دهۆک: ٠٧٥١٧٤٠٦٨٢٦)